ئایا جەنگی ئێران نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزدەکاتەوە؟

جەنگی ئێران و دۆخی تێکچوونی سیاسی لە ناوچەکەدا، ترس و نیگەرانییەکی گەورەی دروست کردووە لە بازاڕە جیهانییەکانی وزە، بە تایبەتی بازاڕی نەوت،  هەرچەندە ئەوەی بەرهەمی نەوتی ئێران تەنها نزیکەی 3–4% ـی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنێت، بەڵام شوێنی جوگرافیی هەستیار و گرنگی لە نزیک گەرووی هورمزەوە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نیگەرانیی بازاڕەکان.

 
بەوپێیەی گەرووی هورمز نزیکەی 20% ی نەوتی خاوی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، و هەر ئاڵۆزییەک لێرەدا کاریگەرییەکی خێرا و توندی دەبێت لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهاندا، هەروەک لە دوای هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان، زیاتر لە 200 کەشتیی گواستنەوەی نەوت و گازی شلەیی (LNG) لە کەنداوەکەدا وەستان، دوای ئەوەی هەندێک لەوانە بۆ هێرشەکان تووشی زیان بوون و جوڵەیی دەریایی پەکی کەوت.

 پسپۆڕانی وزە هۆشداریی دەدەن کە ئەگەر تێکچوونی درێژخایەن لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕوو بدات، ئەوا نرخی نەوتی خاو ڕەنگە بگاتە سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئابووری جیهانی، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە بانکە ناوەندییەکان هەوڵی کەمکردنەوەی هەڵاوسان دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی كابیتال ئیكونومیكس، ئەگەر شەڕەکە درێژ بکێشێت یان ئێران هەوڵ بدات هاتوچۆی نەوت لە ‌گەرووی هورمز ڕاگرێت، ئەوا نرخەکان بە خێرایی دەچنە ئاستێکی مەترسیدار. 

هەروەها فاینانشال تایمز هۆشداریی دەدات کە بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە دەکرێت ببێتە هۆکاری گەڕانەوەی هەڵاوسان لە ئابوورییە گەورەکاندا و پلانەکانی کەمکردنەوەی نرخی سود تێکبدات. نێل شیرینگ، گەورەترین ئابووریناسی  کاپیتاڵ ئیکۆنۆمیست، ڕای وایە کە لەم قۆناغەدا نەوت لەهەموو هۆکارەکانی تر کاریگەرترە.

ئێدوارد فیشمان، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئابووریی لە ئەمریکا، دوو سیناریۆ بۆ بازاڕی وزە دیاری دەکات: یەکەم، داخستنی درێژخایەنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز کە شۆکێکی قورس لە نرخە جیهانییەکانی نەوت دروست دەکات؛ دووەم، کەمبوونەوەی فرۆشی نەوتی ئێران تەنها، کە لەم حاڵەتەدا ڕەنگە نرخەکان بگاتە نزیکەی 80 دۆلار بۆ بەرمیلێک، بە تایبەتی ئەگەر بەرهەمهێنەرانی تر بەرهەم زیاد بکەن.

لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانیی ئۆپیک پڵەس ڕاگەیاندووە بەرهەمی نەوت بە 206 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات بۆ دابەزاندنی نرخەکان لە بازاڕ. ئێران خۆی نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت و یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئۆپیکە، هەروەها 12% ـی پاشەکەوتی نەوتی جیهانی لەخۆ دەگرێت، بەڵام سزا و کەمی وەبەرهێنان بەرهەمەکەی سنووردار کردووە و زۆربەی فرۆشتنەکەی بۆ چینە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەورووپا و چین زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت لە هەر تێکچوونێکی گەورەدا لە هاتوچۆی نەوت و گاز لە کەنداوەکەدا، بە تایبەتی دوای ئەوەی کۆمپانیای غازی قەتەر بەرهەمی LNG بە شێوەی کاتی ڕاگرت. 
لە کۆتاییدا، پسپۆڕان جەخت لەوەدەکەنەوە کە گەرووی هورمز هێشتا مەترسیی سەرەکییە بۆ زنجیرەکانی دابینکردن و بۆ کەرتی گواستنەوە و وزە لە ماوەی داهاتوودا.