خانەقین…دایک و کچێک لەشێڵتەرێکی ژنان دەکوژرێن، پۆلیس دەڵێت؛ بکوژەکان کەسوکاریان بوون و هەڵاتوون

ستوون میدیا

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان پەیامنێرمان “ئاری علی” لە شوێنی ڕووداوەکەوە پێی ڕاگەیاندین؛ کچ و دایکەکە خەڵکی دەڤەری شارەزوورن و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕویان کردۆتە خانەقین.

دوابەدوای ئەوەش پۆلیسی شاری خانەقین ڕاگەیاند؛ بەرواری 17/ 10 / 2022 چەند چەکدارێک هەڵدەکوتنە سەر (سەنتەری ڕووبەڕووبوونەوەی توندتیژی دژی ژنان) وەک لەکامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە پاش ئەوەی لەگەڵ پاسەوانێکی سەنتەرەکە بەناوی ( هونەر فتاح ) دەبێتە شەڕە قسەیان، ناوبراو ڕێگریان لێدەکات بەڵام چەکدارەکان ئازارو ئەشکەنجەی دەدەن و دواتر دایک و کچەکە دەکوژن.

پۆلیس دەڵێت؛ ژنەکە ناوی ( جوانە عەتا عبداللە ) و کچەکەشی ( مەیلی ئیکرام حسین ) یە و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیسی شارەکە و پشت بەستن بەدۆسیەی کوژراوەکان لەسەنتەرەکە؛ جوانە خەڵکی ناوچەی شارەزوور و کچی بەرپرسێکی باڵای سیاسی و سەربازییە بەناوی ( عەتا عبداللە ) ناسراو بە عەتا سەراوی.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لەو بەرپرسە ئاشکرایدەکات کە ناوبراو پلەو پێگەی گەورەی هەیە لە ناوچەکە و ئامانجیەتی بەهەر شێوازێک بێت قەرەبوی ئابڕوی کۆمەڵایەتی خۆی بکاتەوە.

پۆلیس دەڵێت؛ کچی ئەو بەرپرسە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کوڕێکی خزمێکی خۆی بەناوی ( ئیکرام حسین احمد ) هەبووە، پاش ئەوەی ئاشکرا دەبن لەترسی هەڕەشەکان ی باوکی و کەسوکارەکەی، بەرەو خانەقین هەڵدێن.

زانیارییەکانی پۆلیس ئاشکرای دەکەن چەند ساڵێک بەنهێنی لەخانەقین نیشتەجێ دەبن، پاش ئاشکرا بونیان و هەڕەشەکردن، ئیکرام ژن و مناڵەکە وەک پارێزگاری لەگیانیان دەباتە سەنتەری ناوبراو.

دواتر خۆیشی لەترسی ئەوەی کێشەی شەرەف لەو ناوچەیە ‌ و لای بنەماڵەی “جوانە” باجی کوشتنی لەسەرە بەناچاری وڵات جێ دەهێڵێت.

لە کۆتاییدا پۆلیس نایشارێتەوە پاش دۆزینەوەیان جوانە وکچەکەی لەلایەن کەسوکارییەوە دەکوژرێت، سەرەڕای ئەوەی بکوژەکان بەهۆی ئەوەی لەناو هێزە ئەمنی و سەربازییەکان باڵادەستن ئامادەش نین خۆیان ڕادەستی یاسا بکەن و هەڕەشەی دۆزینەوەو تۆڵە لە ئیکرام دەکەن.