دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژی هاوڵاتییەکەی پیرەمەگرونی راگەیاند


دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژی هاوڵاتییەکی بە ناوی “زیاد محەمەد راگەیاند کە دوێنێ لە ناحیەی پیرەمەگرون کوژرا.

لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، “دوای ئەوەی دوێنێ 27/1/2026 لە ناحیەی پیرەمەگرون هاوڵاتییەک کوژرا، دوای بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە، دەرکەوت تۆمەتبارێک بەمەبەستی بردنی بڕێک پارە، بە چەکی جۆری دەمانچە هاوڵاتی (زیاد محەمەد)ی کوشتووە و مەبەستی بووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت”.

ئاماژە بەوەکراوە، “دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدران بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکە، توانرا لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا تۆمەتباری بکوژ (ه ، ف ، أ) لەدایکبووی 2006 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە لەشارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیربکرێت”.

ئەوەشخراوەتەڕوو،”لەئێستادا تۆمەتبار بە مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە”.