
ئەمڕۆ شەممە 28ی شوباتی 2026، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دیدارێکی لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئەنجامدا.
لەمیانەی دیدارەکەیدا شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەشدا لەگەڵ یەکێتی وتومە، ئێستاش پارتی و یەکێتی بەرپرسیارن لە خراپی حوکمڕانی هەرێم”.
باسی لەوەشکرد، “ساڵێک پێش دەستگیرکردنم هەمان پرۆژەی ئێستام بۆ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە خستەڕوو”.
جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو نەچینە ناو حکومەت و دەنگ نەیەن بە حکومەت ئێمە بە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە.
بەشێک لە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید:
ئێمە فشار دەکەین بۆ باشترکردنی حوکمڕانی، پارتی و یەکێتی بە قسەمان نەکەن دەکشینەوە.
بۆیە بە داوای پارتی رازی نەبووین هاوسەنگی هێز زیاتر تێکدەچوو، گرفتەکانیش چارەسەر نەدەبوو.
پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە.
حوکمڕانی باشمان هەبێت خەڵک خۆی بەرگریی لێدەکات.
ئەگەر لە زیندان رێککەوتنم بکردایە ماوەی سزادانەکەم تەواو نەدەکرد.
هەر لایەنێک لەگەڵ پرۆژەکەی نەوەی نوێ و یەکێتی نەکات پشتگیری پارتی و مەسرور بارزانی دەکات.
بافڵ تاڵەبانی داوای لێکردین لە کۆبوونەوە لەگەڵ هەڵوێست و گۆڕان بەشداری بکەین.
هەرگیز بە نهێنی لەگەڵ ماڵی بارزانی و تاڵەبانی کۆبوونەوەم نەکردووە.
زیادکردنی دەنگی پارتی و یەکێتی لەکاتی نەدانی مووچە بۆ ملیۆنێک و 700 هەزار جێگەی باوەڕ نییە.
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێگە نادەین پارتی و یەکێتی ساختەکاری بکەن.
بافڵ تاڵەبانی پێی وتم ئێمە دەتوانین جارێک فێڵتان لێبکەین، بۆیە فێڵتان لێناکەین.
یەکێتی هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارتی ئەنجام بدات بە ئاگاداری نەوەی نوێ دەبێت.
بە یەکێتیمان وتوە تا واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەشدارنابین لەگەڵتان لە کۆبوونەوەی لایەنەکان.
پارە و داهات و نەوت و بڕیارە قورسەکان بەدەستی پارتییە و یەکێتیش قبووڵی کردووە.
پارتی بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بە داواکارییەکانی نەوەی نوێ و یەکێتی رازیی ببێت بۆ خۆی باشە.
یەکێتی بەڵێنی داوە تەواوی خاڵەکانی نەوەی نوێ جێبەجێ بکات.
بەپێی رێککەوتنەکەمان دەبێت پارەی کارەبا کەمبکرێتەوە و گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت.
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نەوەی نوێ بە تەنها بەشداری دەکات و لەگەڵ هیچ لایەنێک بەشداری ناکات.
پارتی دژی نەوەی نوێ نییە بچێتە حکومەتی، بەڵام دژی هاوسەنگی هێزە.