لە سلێمانی دووکەس دەکوژرێت، کەسێکی تریش بریندارە شەڕەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە

ستوون میدیا
لەو بارەوە پۆلیسی شارەکە لە ڕاگەیەندراوێک بڵاویکردەوە؛ بەرواری 2026/01/19 لەگەڕەکی تاڤگە بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە دوو کەس لەهەردوولا دەکوژرێت و کەسێکیش بریندارە.

ناسنامەی قوربانیەکان لەلایەن پۆلیسەوە بڵاوکرایەوە، کوژراوەکان ناویان ( عبداللە حمد ) و ( گەنجۆ خالد عبداللە ) کە ئەفسەر بووە لە ناو هێزەکانی ئاسایش و بریندارەکەش ئامۆزای گەنجۆیە و ناوی ( ئەلەند دانا عبداللە )یە.

پۆلیس دەڵێت؛ ڕووداوەکە لەسەر کێشەی شەرەف بووە، کوڕێکی عبداللە حمد بەناوی ( ڕەوا عبداللە حمد) پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچێکی بنەماڵە جافەکە بەناوی ( خەزان خالد عبداللە دەروێش ) هەبووە، پاش ئاشکرابونی پەیوەندییەکەیان بنەماڵەی کچەکە کە سەر بەعەشیرەتی بەناوبانگی جاف و خاوەن پلەی سەربازین هەڵدەکەوتنە سەر ماڵی باوکی ڕەوا.

زانیارییەکانی پۆلیس دەڵێت؛ خەزان و چەند هاوڕێیەکی پەرستاربوون لە نەخۆشخانەی گشتی شار، ڕەوا شۆفێری تاکسی بووە، هەر لە ڕێگەی هاتۆچۆ پێکردنیەوە یەکتریان ناسیوە و پەیوەندی خۆشەویستیان دروستکردووە.

وەک پۆلیس دەڵێت؛ ڕەوا دوو جاریش چووەتە خوازبێنی خەزان، بەڵام لەلایەن ( خالد عبداللە ) ی باوکی بەبیانوی ئەوەی خاوەن عەشیرەت و دەسەڵاتدارن و هەروەها کچەکەی داناوە تا لەهاوڕێیەکی خۆی مارە بڕێت، ڕەتیدەکاتەوە کچەکەی بداتە ڕەوا.

هەربۆیە، ڕەوا و خەزان لەترسی ئاشکرابونیان و مارەکردنی لە هاوڕێکەی باوکی بەناچاری هەڵدێن، دوابەدوای ئاشکرابونی هەڵاتنیان کەسوکاری کاری کچەکە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ڕەوا و لەئەنجامی ڕووبەڕووبوونەکەش کوژراوی برینداری لێدەکەوێتەوە.

پۆلیس دەشڵێت؛ وەک لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە هەریەک لە باوک و براو مام وئامۆزایەکی کچەکە هەڵدەکوتنە سەرماڵی باوکی ڕەواو پاشان هەریەک لە ( خالد عبدللە دەروێش ) باوکی کە پلەی ” عقید ” ە لە هێزەکانی پێشمەرگە و مامی ( دانا عبداللە دەروێش ) پلەی ” نەقیب ” لە هەمان هێز، هەڵدێن.

هەرچەند پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لەباوک ومامی خەزان دەرکردووە، بەڵام نەیشاردەوە تاوانباران سەرباری ئەوەی ئامادەنین خۆیان ڕادەستی یاسا بکەن، هەڕەشەی دۆزینەوە و کوشتنی ڕەوا و خەزان دەکەن.