
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، گورزی گەورەیان لە ئێران وەشاندووە و زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتەیان کوشتووە، هاوکات داوا لە خەڵک دەکات دژی حکومەت راپەڕن.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی گەلی ئێران دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئازادی”. نەتانیاهوو بە ڕوونی داوای لە خەڵکی ئێران کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و کار بۆ گۆڕین و ڕووخاندنی ڕژێمی ئێستا بکەن.
جەختیشیکردەوە کە “نابێت چیتر ڕژێمی ئێران لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە”. بە گوێرەی قسەکانی نەتانیاهوو، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆدا زۆرێک لە سەرکردە دیارەکانی ئێرانیان لەناوبردووە.
ئەو وتەیەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی سەرکردەکانی ئێرانەوە لە کاتێکدایە تا ئێستا ئێران زانیاریی کوژرانی سەرکردەکانی وڵاتەکەی پێشتڕاست نەکردووەتەوە.
نەتانیاهوو سوپاسگوزاریی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەربڕی و بە “سەرکردایەتییەکی مێژوویی” وەسفی کرد. ئاشکراشیکرد کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتوون هێرشەکان بەردەوام بن و ڕانەوەستن تاوەکو ئەنجامی کۆتایی بەدەستدەهێنن، چونکە بە گوتەی خۆی “پێویستمان بە ئارامی زیاترە”.