وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی 32 بەرهەم لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەدەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی هاوردەکردنی 32 بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو پارێزگاکانی عێراق راگەیاند.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، هاوردەکردنی گواڤا، مانگۆ، خامە، خورما، زەیتوون، سێوی ئێرانی، ترێ و لیمۆ و چەند بەرهەمێکی دیکەی رووەکی قەدەغەیە.

هاوکات هاوردەکردنی ماسیی پیرانا و ئەو ئاژەڵانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، پڕۆتینی ئاژەڵی، قیمە و ئەسپ، جگە لەوانەی بۆ مەبەستی توێژینەوە و وەرزشکردن بەکاردێت، قەدەغەکراوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی بەردەستبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لە بەسڕە، تەماتەی ئێرانیی لە کوردستانەوە رێگە نادرێت بچێتە ناو پارێزگاکانی عێراقەوە. هەروەها قەدەغەی کاتیی خراوەتە سەر بەرهەمەکانی دیکەی وەک پەتاتە، هێلکە و باینجان.