کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێڕاڵد فۆرد؛ شارێکی سەرئاوکەوتوو

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێڕاڵد ئاڕ فۆرد (USS Gerald R. Ford) کە بەناوی 38هەمین سەرۆکی ئەمریکاوە ناونراوە، رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە، کەشتییەکە گەورەترین کەشتییە لە جۆری خۆی و زیاتر لە 13 ملیار دۆلاری تێچووە، زیاتر لە 5 هەزار کەشتیوان، فڕۆکەوان و تیمی سەربازی و فریاگوزاری هەڵدەگرێت و هاوشێوەی شارۆچکەیەکی سەرئاوکەوتوو وایە. رادەی مەترسییداریی ئەم کەشتییە یەکجار بەرزە و بەتەنها دەتوانێت شەڕی دەوڵەتێک بکات. ئەو کاتەی کەشتییەکە خرایە خزمەتی سەربازیی هێزی دەریایی ئەمریکا و ناسێندرا، دۆناڵد ترەمپ بە جیهانی وت، “دەستەکانی ئەمریکا پەیامێکی 100 هەزار تۆنیان بۆ جیهان دروستکردووە.”

کەشتیی یوو ئێس ئێس جێڕاڵد فۆرد بەهۆی زەبەلاحی و گەورەیی قەبارەکەی، لە جیهاندا بە وەحشی ئۆقیانووسەکان ناسراوە، نزیکەی 5000 کارمەند و مرۆڤ پێویستن بۆ بەگەڕخستنی ئەم وەحشە دەریاییە کە پێکهاتوون لە دەریاوان، فڕۆکەوان، کارمەندی تەندروستی، ئەندازیار و سەرباز. یو ئێس ئێس جێڕاڵد ئاڕ فۆرد لە ئێستادا لە رێگەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 3 بۆ 4 هەفتەدا بگات.

ئەو کارمەند و سەربازانە لەسەر یەکێک لە کوشندەترین کەشتییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بۆ ماوەی چەندین مانگ دوور لە وشکانی ژیان بەڕێدەکەن، قورسترین ئەرکە سەربازییەکان بە پێشکەوتووترین چەکەکانی سەردەم ئەنجامدەدەن.

شارێکی سەرئاوکەوتوو

کەشتییەکە بۆ ئەرکی قورس و ماوەدرێژ دروستکراوە، بەو هۆکارەش سەرجەم ئەو پێداویستییانەی مرۆڤ لەسەر رووی زەوی بۆ ژیانکردن لە کاتی سەخت و دژواردا پێویستی پێیەتی، بنکەی پێشکەوتووی تەندروستی لەسەر کەشتییەکە هەیە کە توانای ئەنجامدانی قورسترین نەشتەرگەرییەکانی هەیە، تیمی ئاستبەرزی پزیشکی سەر کەشتییەکە دەتوانن نەشتەرگەرییە گەورەکانی وەک دڵ، چاندنەوەی ئەندامەکان، جگەر، دەمار و مێشک ئەنجامبدەن.

شێفەکانی سەر کەشتییەکە رۆژانە زیاتر لە 18 هەزار ژەم خۆراک بۆ دانیشتووانی جێڕاڵد ئاڕ فۆرد ئامادەدەکەن، هاوکات کەشتییەکە سیستمێکی بەرزی پاڵاوتنی ئاوی هەیە و دەتوانێت رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار لیتر ئاوی سوێری دەریا و زەریاکان بپاڵێوێت بۆ ئاوی شیرین و سازگار و تەواوی پێداویستییەکانی سەر کەشتییەکە دابینبکات.

جێڕاڵد ئاڕ فۆرد تەنها کەشتییەک نییە، بەڵکو ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر کەشتییەکە دەژین، لە ژمارەی دانیشتووانی زۆرێک لە شارۆچکەکانی ئەمریکا زیاترە، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین کەشتییەکە شارێکی سەرئاوکەوتووە.

کەشتییەکە لە درووستکراوی کۆمپانیای نیوپۆڕت نیوز-ی ئەمریکییە و تێچووەکەی لە 13 ملیار دۆلار زیاترە، لە ساڵی 2007 دەست بە درووستکردنی کرا و لە ساڵی 2017 خرایە خزمەتی سەربازییەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی Military.com، بۆ ژمارەیەک ئەرکی تایبەت لەوانەی وەڵامدانەوەی خێرای هەڕەشەکان، هێرشی یەکلاکەرەوە و ئۆپراسیۆنی گەورەی جەنگی پشت بەم کەشتییە دەبەسترێت.

خەسڵەتەکانی جێڕاڵد ئاڕ فۆرد

ئەم کەشتییە نوێیە پێشکەوتووە درێژییەکەی 337 مەترە و بەگەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان دادەنرێت. کەشتییەکە بە دوو ریاکتۆری ئەتۆمی کاردەکات و توانای هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ بەبەردەوامی لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندا بسوڕێتەوە بەبێ ئەوەی وزەی لێببڕێت.

کەشتییەکە لەتوانایدایە نزیکەی 90 فڕۆکەی شەڕکەر هەڵبگرێت، لەوانە فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 و FA-18 Super Hornet، فڕۆکەی هێرشی ئەلیکترۆنیی EA-18G، هەلیکۆپتەری MH-60R و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

هاوکات سیستمی EMALS لەسەر کەشتییەکە جێگەی کاتاپۆڵی هەڵمی C-13ـی گرتووەتەوە کە وەک سەکۆیەک بۆ هەڵدان و بەکارخستنی فڕۆکەکان بەکاردێت.

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری USS Gerald R. Ford بەمانەی خوارەوە تەیارکراوە

دوو سیستەمی مووشەکیی رێنماییکراوی Mk 29 کە هەریەکەیان هەشت مووشەکی RIM-162 Evolved SeaSparrow (ESSM)ـی تێدایە.

دوو سیستمی مووشەکیی رێنماییکراوی Mk 49 کە هەریەکەیان 21 مووشەکی RIM-116 Rolling Airframeـی تێدایە.

سێ سیستمی دژە ئاسمانیی نزیکی Phalanx.

چوار سیستەمی دۆشکە 25 ملم Mk 38.

چوار دۆشکەی M2ـی عەیار .50 (12.7 ملم).

بۆچی ئەو ناوە؟

لە ساڵی 2007 هێزی دەریایی ئەمریکا کەشتییەکەی بەناوی 38ـەمین سەرۆکی ئەمریکا جێراڵد ئاڕ فۆرد ناونا کە لە ساڵی 2006 کۆچی دواییکرد، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ خزمەتکردنی لە هێزی دەریایی ئەمریکا.

کەشتییەکە لە ساڵی 2017، لە خولی یەکەمی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، دەستی بە خزمەت کرد. لەو کاتەدا ترەمپ لەبارەیەوە وتی، “دەستەکانی ئەمریکا پەیامێکی 100 هەزار تۆنیان بۆ جیهان دروستکردووە: دەسەڵاتی ئەمریکا بێهاوتایە”.

یەکەم ئەرکی کەشتییەکە لە ئۆکتۆبەری 2022 لە زەریای ئەتڵەسی دەستیپێکرد. دیارترین ئەرکی لە جەنگی غەززەدا بووە، کە بۆ ماوەی 76 رۆژ لە دەریای ناوەڕاستدا مایەوە.

جێڕاڵد فۆرد، بەیەکێک لە پێشکەوتووترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرییەکانی ئەمریکا دادەنرێت و چەندین تایبەتمەندیی سەرنجڕاکێش و نائاسایی هەیە. کەشتییەکە سێ سەکۆی هەڵدانی مووشەکی هەیە، سیستمی مووشەکی دژە کەشتیی لەسەر جێگیرکراوە و خاوەنی پێشکەوتووترین سیستمی رادارییە کە ئەستەمە لە دۆزینەوە و هەڵگرتنی ئامانجەکانی هەڵە بکات. کەشتییەکە چەندین چەکی قورس و کاریگەریی پێشکەوتووی لەسەر جێگیرکراوە کە زیاتر ئامادەی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵەنگارییەک.