
رۆژنامەیەكی قەتەری رایدەگەیەنێـت، مالیكی گرەو لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا دەكات بە ناردنی بەڵێننامە بۆ ئەمریكییەكان لەڕێی نێوەندگیرەكانەوە و دەشڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ترسی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەكەی كاندیدكردنی مالیكی نەكشاندووەتەوە
سەرچاوەیەكی سیاسیی باڵا لە بەغداد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی “العربی الجدید” ئەو راپۆرتانەی رەتكردووەتەوە كە باس لە دانانی مۆڵەتی ئەمریكا دەكەن بۆ عێراق تا رۆژی هەیینی، بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دوور لە هەژموونی ئێران.
هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتوویەتی: لە كۆبونەوەی پێشووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا گفتوگۆ لەسەر دۆسییەی سەرۆك وەزیران كراوە بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك، بۆیە لە بەیاننامەكەیاندا هیچ ئاماژەیەكیان بەو پرسە نەكردبوو.
راشگەیاندووە: مالیكی گرەو لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا دەكات، لەڕێی نێوەندگیرو پەیوەندییە گشتیەكان بە پێشكەشكردنی بەڵێنی پەیوەست بە سروشتی حكومەت كە پێكیدەهێنێت لەگەڵ دۆسیەی چەك و گروپەكان.
وتوشیەتی: ترسی هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حاڵەتی كشانەوەی كاندیدكردنی مالیكی، ئاستەنگی بۆ ئەو هەنگاوە دروستكردووە.