وەزارەتی پێشمەرگە: هێرشمان نەکردووەتە سەر هیچ بارەگایەکی حـەشدی شـ.ـەعبی

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەناڵی (یەکى عێراقی – قناة الأولى العراقية) هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای 50ی حـ.ـەشدی شـ.ـەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومانکردووە.

روونیکردەوە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای رەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، رایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە راستییەوە، هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشیی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە.

باسی لەوەشکرد، وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکى عێراقی) تۆماربکات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.