شارەزایەکی کەشناسی: بەفربارین دەستپێدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی، پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی نوێی بەفر و بارانبارین دەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، سبەی سێشەممە، کاریگەریی ئەو بارستەهەوا ساردەی جەمسەری باکوور لەسەر ناوچەکانمان لاوازدەبێت و پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ، بە جیاوازیی ناوچەکان 2 تا 5 پلە بەرزدەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەکەش ساماڵ دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، جارێکی دیکە شەپۆلێکی جەمسەری باکوور لە دەریای رەشەوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژدەبێتەوە و جارێکی دیکە پلەی گەرمی نزمدەبێتەوە و شەپۆلێکی لاواز بۆ مامناوەندی بەفر و بارانبارین، ناوچەکانمان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکانی بەشێوەی پچڕپچڕ تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بەردەوامیی دەبێت.

دەشڵێت، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەگشتی بۆ سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی، مامناوەند دەبێت بۆ تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش، بەفرێکی کەم دەبارێت، ئەمڕۆش لە هەندێک شوێندا، بەفر باری وەک سەنتەری سلێمانی و چەمچەماڵ، هەندێک شوێنی دیکە کە پێشبینی نەکرابوو، بۆیە ئەگەر هەیە لەو حاڵەتەش ئەمە رووبداتەوە لە هەندێک شوێندا، هۆکارەکەش ئەوەیە رێژەی شێ کەمە لە هەوای ناوچەکەدا و لە پلەی گەرمیی بەرزتر لە 2 تا 4 پلە زیاتریش، دەنکۆڵە بەفرەکانی نێو هەورەکان بەر لەتوانەوەیان دەگەنە سەر رووی زەوی، کە ئەمە لە کەشوهەوایەکی شێدار و تەڕدا، ئەستەمە رووبدات تا پلەی گەرمی لە رووی زەوی کەمتر نەبێت لە 1 پلە یان سفر.

ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینیشدەکات، دوابەدوای ئەم شەپۆلە لاوازە، هەفتەی داهاتوو ئەگەر هەیە لە رۆژانی 8 و 9ـی مانگ و 12 بۆ 14ـی مانگ، بارانبارین و هەورەبروسکە لە ناوچەکانمان دەستپێبکاتەوە کە زیاتر بەهارییانە دەبێت بەشێوەی تاوەباران و تەرزە و چالاکبوونی هەورەبروسکە و پلەی گەرمییش بەرزدەبێتەوە.