
وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری دادی توركیا و سەرۆكی پەرلەمان كۆدەبێتەوە، بڕیارە چوارشەممەش كۆمیسیۆن بۆ نووسینەوەی راپۆرتی هاوبەشی لایەنەكان كۆببێتەوە.
ئەمڕۆ، وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی، لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد و نوعمان كورتوڵموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا كۆدەبێتەوە.
فەتی یڵدز جێگری سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا “مەهەپە”ش رایگەیاند، كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی رۆژی چوارشەممە كۆدەبێتەوە، بۆ نووسینەوەی راپۆرتی هاوبەشی لایەنەكان لەسەر ئاشتی.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی كۆمیسیۆنەكە دەكرێت، لەبەرئەوەی 31ی ئەم مانگە وادەی كاركردنی كۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبوونەوەكان تا ئێستا بەرهەمداربوون و هیواداریشن راپۆرتێكی باش لەسەر پرۆسەكە ئامادە بكرێت.