تورکیا: هەسەدە هەنگاوی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی نەهاویشتووە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق ڕایگەیاند: “هەسەدە هەنگاوی بە ئاڕاستەی تێکەڵکردنی هێزەکان نەهاویشتووە و ئەگەر دیمەشق دەستپیشخەریی لەپێناو یەکپارچیی خاکی سووریادا بکات، ئەنقەرە پشتیوانیی دەکات”.

پاش کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی چالاکییەکانیان، وەزارەتەکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی بەشێوەی نووسراو دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆخی سووریا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: “هەسەدە بەردەوامە لەسەر داواکردنی ناناوەندی و فیدراڵی و هەنگاوی بە ئاڕاستەی تێکەڵکردنی هێزەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نەهاویشتووە”.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێیوایە، ئەم هەڵوێستەی هەسەدە زیان بە یەکپارچەیی خاک و سەقامگیریی سووریا دەگەیەنێت و دەڵێت: “لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەدا بەردەوامی بە هەماهەنگیی نزیک لەسەر بنەمای یەک دەوڵەت و یەک سوپا دەدەین و لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکان دەکەین”.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزیشدا دەڵێت: “ئەگەر حکومەتی سووریا لەپێناو یەکێتیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی بڕیاربدات دەستپێشخەرییەک بکات، تورکیا پشتیوانیی بڕیارەکەی دەکات”.